Print Page Options Listen to Reading
Previous Prev Day Next DayNext

The Daily Audio Bible

This reading plan is provided by Brian Hardin from Daily Audio Bible.
Duration: 731 days

Today's audio is from the CSB. Switch to the CSB to read along with the audio.

Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پاشایان 5-6

ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا

کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو. سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:

«تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی خوداکەی بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە. بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ. لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“

«ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»

ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو، گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»

ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی:

«ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان. خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»

10 ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ. 11 سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆڕ[a] گەنم و بیست هەزار بەت[b] زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام. 12 یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.

13 سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد. 14 هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگار بوو. 15 سلێمان حەفتا هەزار بارهەڵگر و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو. 16 بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد. 17 هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو. 18 وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل[c] دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.

بنیادنانی پەرستگا

لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگاکەی یەزدان کرد.

ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ[d] و پانییەکەی بیست باڵ[e] و بەرزاییەکەشی سی باڵ[f] بوو. هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتە بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو[g]. هەروەها کڵاوڕۆژنەی[h] کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد. ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتە لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو. نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ[i] و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ[j] و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ[k] بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان.

لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا.

داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو، بە پەیژەی پێچاوپێچ سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەناوەڕاستیشەوە بۆ نهۆمی سێیەم. پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت. 10 هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن.

11 فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی: 12 «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی. 13 هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.»

14 سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد. 15 دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر. 16 بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە. 17 هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ[l] بوو. 18 دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات[m] و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.

19 لەناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت. 20 شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد. 21 سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد. 22 تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.

23 لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی[n] لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو. 24 هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،[o] لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو. 25 هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو. 26 بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە. 27 هەردوو کەڕوبەکەی لەناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لەناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ. 28 هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.

29 لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند. 30 زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.

31 بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا. 32 لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن. 33 بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد. 34 هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە[p] بەسترا بوون و دەسووڕانەوە. 35 کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.

36 هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.

37 لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ. 38 لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.

کردار 7:1-29

وتاری ستیفانۆس

سەرۆک کاهین لێی پرسی: «ئەم شتانە وان؟»

ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆ بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت، پێی فەرموو: [خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.][a]

«خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن. لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هێشتا منداڵی نەبوو. خوداش ئاوای فەرموو: [نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،] خودا فەرموویەتی، [دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.][b] خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی[c] بوو.

«باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو، 10 لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی دایێ. ئەویش لێپرسراویەتی میسر و هەموو ماڵەکەی خۆی پێدا.

11 «ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت. 12 یاقوب بیستی لە میسردا دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد. 13 بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت. 14 ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون. 15 جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان. 16 ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.

17 «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، 18 تاکو [لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.][d] 19 لەگەڵ نەژادەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.

20 «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، 21 کاتێک دوورخرایەوە[e]، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. 22 موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.

23 «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی براکانی بکات، نەوەی ئیسرائیل. 24 یەکێکی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. 25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. 26 بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“

27 «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ 28 ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟][f] 29 موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.

زەبوورەکان 127

گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان.

127 ئەگەر یەزدان خانووەکە دروستنەکات،
    وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن.
ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات،
    پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو،
    خواردنی نانی ڕەنجکێشی،
    چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.

بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە،
    پاداشتی بەری سکن.
وەک تیری دەستی پاڵەوان،
    ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە،
    شەرمەزار نابێت کە لە دادگا[a] لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.

پەندەکانی سلێمان 16:28-30

28 کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و
    دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

29 کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و
    بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.

30 ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت،
    ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.