ڕۆما 4
Kurdi Sorani Standard
نموونەی ئیبراهیم
4 ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیمی باوکمان بەگوێرەی جەستە چی دۆزییەوە؟ 2 ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. 3 ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a]
4 ئەوەی کار دەکات، کرێیەکەی مافی خۆیەتی و بەخشینێکی ناشایستە نییە. 5 بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. 6 وەک داود دەڵێت، لە خۆزگەخواستن بەو مرۆڤەی کە خودا بێ کردار ڕاستودروستی بۆ دادەنێت:
7 [خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،
گوناهەکانیان داپۆشراون.
8 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.][b]
9 ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنە نەکراوانیشە؟ چونکە دەڵێین، باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. 10 کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! 11 ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. 12 هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.
13 جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو تاکو ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەی کە بە ڕێگای باوەڕەوە[c] بوو، 14 چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، 15 چونکە تەورات تووڕەیی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر تەورات نەبێت، سەرپێچیش نییە.
16 بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، 17 وەکو نووسراوە: [من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە.][d] ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.
18 هەرچەندە هیواش بڕابوو، بە هیواوە باوەڕی هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: [نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.][e] 19 باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە. 20 بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد، 21 دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر. 22 لەبەر ئەمە [بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.][f] 23 ئەوەی نووسراوە: [بۆی دانرا] تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو، 24 بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای گەورەمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. 25 ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.
Footnotes
- 4:3 پەیدابوون 15:6.
- 4:8 زەبوورەکان 32:1-2.
- 4:13 مەبەستی ئەم ڕاستودروستییەی کە لەسەر بناغەی باوەڕ دراوە.
- 4:17 پەیدابوون 17:5
- 4:18 پەیدابوون 15:5.
- 4:22 پەیدابوون 15:6
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.