پەیدابوون 28
Kurdi Sorani Standard
28 ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. 2 هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام[a] بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. 3 با خودای هەرە بە توانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا ببیتە کۆمەڵێک گەل. 4 بەرەکەتی ئیبراهیمت دەداتێ[b]، بۆ خۆت و نەوەکەت لەگەڵتدا، لەو زەوییەی ئێستا ئاوارەیت دەبیتە میراتگری، ئەوەی خودا دایە ئیبراهیم.» 5 ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
6 عیسۆش بینی ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کرد و ناردییە پەدان ئارام هەتا لەوێ ژنێک بهێنێت، کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کرد و فەرمانی پێدا، پێی گوت: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت.» 7 یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بوو، چوو بۆ پەدان ئارام. 8 عیسۆ بینی کە لەپێش چاوی ئیسحاقی باوکی، کچانی کەنعانیان بەدکردەوەن. 9 ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆتی کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی خواست، بەسەر ژنەکانی دیکەیدا.
خەونی یاقوب لە بێتئێل
10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. 12 خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
16 یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»
18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێتئێل[c]. بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
20 یاقوب نەزرێکیشی نەزر کرد[d] و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، 21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. 22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[e] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
Footnotes
- 28:2 واتە باکووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.
- 28:4 مەبەست ئەو بەرەکەتەیە کە خودا دابوویە ئیبراهیم.
- 28:19 واتە ماڵی خودا. بڕوانە 12:8.
- 28:20 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.
- 28:22 شوێنی خواپەرستی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.