مەتا 3
Kurdi Sorani Standard
حەزرەتی یەحیا
3 هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش[a] لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، 2 دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» 3 ئەمەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][b]
4 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 5 ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، 6 لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران و دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا.
7 کە بینی زۆر لە فەریسی[c] و سەدوقی[d] بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی[e] دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 9 پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
11 «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم پێڵاوەکانی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[f]. 12 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[g]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[h] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
13 ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
15 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک[i] تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.
16 کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»
Footnotes
- 3:1 یەحیا بەم نازناوە ناسراوە بەهۆی ئەوەی کە لە ڕووباری ئوردون ئەو خەڵکەی لە ئاو هەڵدەکێشا کە تۆبەیان دەکرد.
- 3:3 ئیشایا 40:3
- 3:7 یان پەرەشین، مەزەبێکی جولەکە بوون، لە بەجێگەیاندنی تەورات توندڕەو بوون.
- 3:7 مەزەبێکی جولەکە بوون کە زۆربەیان کاهین بوون، باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوە نەبوو.
- 3:7 یۆنانی: باپتسمە، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).
- 3:11 بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه بەهۆی ڕۆحی پیرۆز.
- 3:12 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
- 3:12 قەسەڵ لاسکە وشکەکەیە کە دوای دروێنە دەمێنێتەوە، کاتێک قەسەڵەکە دەکوترێت دەبێت بە کا.
- 3:15 مەبەست ئەوەیە کە دەبێت هەموو شتێک بەگوێرەی خواستی خودا پەیڕەو بکرێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.