یەکەم پەترۆس 5
Kurdi Sorani Standard
شوانی مێگەلی خودا
5 داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، وەک پیرێکی هاوڕێ، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ: 2 ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەت بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە بەگوێرەی خودا، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە، 3 خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل. 4 کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.
5 ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان خۆتان بە بچووکی یەکتر بزانن، چونکە:
[خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.][a]
6 بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. 7 هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.
8 چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. 9 بەربەرەکانێی بکەن، چەسپاو بن لە باوەڕ، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.
10 خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی تەواوکارتانە و دەتانچەسپێنێت و بەهێزتان دەکات و بناغەتان دادەنێت. 11 هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
نیعمەتی ڕاستی خودا
12 بەهۆی سیلا[b]، کە بە برای دڵسۆزی دەزانم، بە کورتی بۆم نووسین، هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم، ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن. 13 ئەوەی لە بابل[c] وەک ئێوە هەڵبژێردراوە، سڵاوتان لێدەکات، هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم. 14 بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن.
Footnotes
- 5:5 پەندەکان 3:34
- 5:12 یۆنانی: سیلوانۆس.
- 5:13 بابل: هێمایە بۆ ڕۆما.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.