یەکەم تیمۆساوس 2
Kurdi Sorani Standard
نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک
2 بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، 2 بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. 3 ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، 4 ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، 5 چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، 6 ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش[a] لە کاتی گونجاو بوو. 7 بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
8 جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.
9 ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە[b] بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت[c]، بەڵکو لە هێمنیدا بێت، 13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.