زەکەریا 13
Kurdi Sorani Standard
پاکبوونەوە لە گوناه
13 «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»
2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو[a] لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.
4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5 هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان لە شوانەکە
7 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،
لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!
لە شوانەکە بدە،
مەڕەکان پەرت دەبن،
پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
8 یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،
دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،
یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
9 ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،
وەک زیو دەیانپاڵێوم،
وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.
ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و
منیش وەڵامیان دەدەمەوە،
من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“
ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“»
Footnotes
- 13:2 ڕۆحی پیسی هاندەر بۆ ئەنجامدانی کاری گڵاو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.