زەبوورەکان 61
Kurdi Sorani Standard
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە.
61 ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
2 لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم،
کە دڵم لاواز دەبێت،
پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر.
3 چونکە تۆ پەناگای منی،
قوللەیەکی سەختی لە ڕووی دوژمن.
4 با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و
پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.[a]
5 ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت،
منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە.
6 درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا،
بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە.
7 با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دانیشێت،
دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن.
8 ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم،
ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.
Footnotes
- 61:4 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.